لە كۆشكی سپی دا سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا كۆبوونەوە




26/01/2010

دوێنێ دووشەممە كاتژمێر 4:45 بەكاتی واشنتۆن و 12:45ی شەو بەكاتی هەولێر، بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە ئۆڤاڵ ئۆفیس لە كۆشكی سپی لە واشنتۆن لەلایەن بەڕێز ئۆباما سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكاوه‌ پێشوازی لێكرا.

لە كۆبوونەوەكەدا، سەرۆك بارزانی تیشكی خستەسەر گرنگی هەڵبژاردنەكانی دادێی عێراق و دووپاتی لە پابەندیی هەرێمی كوردستان بە عێراقێكی فیدراڵی، دیموكراتی و تەعەدودی كردەوە، هەروەها جەختی لە گرنگی پابەندی ستراتیژی درێژخایەنی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان كردەوە.
دەربارەی مانەوەی پرسە چارەسەرنەكراوەكانی عێراقیش، سەرۆك بارزانی دووپاتی لەوە كردەوە، كە دەستووری عێراق حەكەمی ناكۆكییە ناوخۆییەكانە، هەروەها بە سەرۆك ئۆبامای راگەیاند، كە چەسپاندنی سەقامگیری لە عێراق ئەوكاتە بەدی دێت كە عێراقییەكان بە سەرجەم ماددەو بڕگەكانی دەستووری وڵات پابەند بن و جێبەجێ بكرێن.

هەروەها، بەڕێزیان پێشوازیی لە پابەندیی جۆزێف بایدنی جێگری سەرۆك كردو رایگەیاند: لە چوارچێوەی قووڵكردنەوەو فراوانكردنی پەیوەندییەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكان لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان، و بوونیان دەرفەتێكە بۆ پێشكەوتنی بەرچاو لە زۆر لەو هەڕەشانەی رووبەڕووی وڵات دەبنەوە.

هەروەها سەرۆك بارزانی قوربانییەكان و پابەندبوونی ویلایەتە یەكگرتووەكانی بۆ یارمەتیدانی حكوومەتی فیدراڵ و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ چارەسەركردنی پرسە هەڵواسراوەكان بەرز نرخاندو دووپاتی لەوە كردەوە كە سەركردایەتی هەرێمی كوردستان لەمبارەیەوە ئامادەیە رۆڵی بونیادنەرانەی خۆی لە بەرقەراركردنی ئاسایش و عێراقێكی دەستووری و گەشاوەدا بگێڕێ.

هەر بەم بۆنەیەوە، كۆشكی سپی لێدوانێكی بڵاوكردەوە كە ئەمە دەقەكەیەتی:
دوێنێ 25/1/2010 سەرۆك ئۆباما چاوی بە مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كەوت، كە جێگری سەرۆكیش بەشداری دیدارەكە بوو.

لە گفتوگۆكانیدا لەگەڵ سەرۆك بارزانی، سەرۆك ئۆباما تەئكیدی لە پشتیوانی و پابەندیی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بۆ هەرێمی كوردستانێكی ئاسایش و گەشاوەدا كردەوە لە چوارچێوەی عێراقێكی یەكگرتووی فیدراڵدا، هەروەها رێزی خۆی بۆ بەشداریكردنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە پەرەسەندنی عێراق دەربڕی.

سەرۆك ئۆباما هانی سەرۆك بارزانی دا وەك ئەوەی هانی هەموو سەركردەكانی عێراقیش دەدات كە كاری بونیاتنەر بكەن لەبەرامبەر ئەو پرسانەی عێراق دابەش دەكەن بۆ ئەوەی پشتگیری لە ئاسایشی بەدەستهاتوو بكات و توانای عێراق لە رووی سیاسی و ئابووری ئیقلیمییەوە بكاتەوە.

سەرۆك رۆڵی ئۆفیسە چالاكەكانی ئەمەریكای بەرز نرخاند بۆ یارمەتیدانی عێراقییه‌كان لە دروستكردنی ئیجماعێكی سیاسی بۆ چارەسەركردنی پرسە ناكۆكەكانی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقدا لەسەر بنەمای دەستووری عێراقی و كاركردن لەگەڵ نەتەوە یەكگرتووەكاندا تابەرەوپێش بچن.
بەناوی گەلی ئەمەریكاوە سەرۆك پرسە و سەرەخۆشی لە گەلانی عێراق كرد بەبۆنەی تەقینەوەكانی رۆژی 25ی كانوونی دووەم كە لە بەغدا روویانداو دووپاتی لە پابەندیی درێژخایەنی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بۆ یارمەتیدانی عێراق و گەلانی عێراق كردەوە.

بڕیاریشە رۆژی چوارشەممە سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پەیمانگای بروكلن لەبەردەم ژمارەیەك لە كەسایەتی ئەكادیمی و پسپۆڕ و شارەزایانی سیاسەتی جیهان بابەتێك پێشكەش بكات و هەمان رۆژیش لەلایەن بەڕێز رۆبێرت گیتس وەزیری بەرگری ئەمەریكا پێشوازی لێدەكرێت و سەر لە ئێوارەش لە پەیمانگای نێودەوڵەتی بۆ لێكۆڵینەوە و توێژینەوەی ستراتیژی بابەتێكی دیكە پێشكەش دەكات.

هەر رۆژی چوارشەممە سەرۆك بارزانی كۆبوونەوەیەكی تایبەتی لەگەڵ بەڕێز جۆ بایدنی جێگری سەرۆكی ئەمەریكا ساز دەكات.

لە كۆتایی سەردانەكەشیدا، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ سەركردە سەربازییە خانەنشینكراوەكانی ئەمەریكا دیدارێكی فراوان ساز دەكات و لە بارەی پرۆسەی سیاسی هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە وتەیەك پێشكەش دەكات.

لەهەمان كاتدا لە دیدارە گرنگەكانی دیكەی سەرۆك بارزانی، لەگەڵ جەماوەری مەسیحی دانیشتووی ئەمەریكا دەبێت، كە تێیدا سەرۆك بارزانی پڕۆژەی برایەتی و پێكەوەژیانی پێكهاتەكان لە هەرێمی كوردستان دەخاتەڕوو، چاوەڕوانیش دەكرێت بەڕێزیان بە شێوەیەكی راشكاوانە سەبارەت بە ژمارەیەك دۆسیە كە لە بیروبۆچوونی جەماوەری مەسیحی ئەمەریكادا هەیە، بە شێوەیەكی روون و ئاشكرا باسی لێوەبكات.





SOURCE:: KRP.org PAGE HIT:: 1160  



























هه ڵبژارده‌
دیداری فوئاد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لە گەڵ كوردستان TV
كۆنگرەیی ڕۆژنامەوانیی سه‌رۆكی هەرێمی كوردستان و سه‌رۆكی لیستی ده‌وڵه‌تی یاسا و سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی ماوە تەواوبووی ئێراقی فیدراڵ
وتاری سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ رێوڕه‌سمی كۆنگره‌ی حه‌وته‌می یه‌كێتی ئافره‌تانی كوردستان
دیداری فوادحسین سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لە گەڵ تەلەفزیۆنی گەلی كوردستان
فوئاد حوسێن لە كۆڕێكی سەنتەری( Atlantic Council in D.C) دا
شاندی كوردستانی لەئەمەریكا بۆچوونەكانی سەركردایەتی سیاسی و سەرۆك بارزانی بۆ بەرپرسانی ئەمەریكا و ڕەوەندی كورد ڕوون كردەوە
دەقی دیمانەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ گۆڤاری گوڵان
سەرۆكی هه‌رێمی كوردستان بۆ‮ الشرق الأوسط :‬
كۆنگرەی رۆژنامەوانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دوای كۆتاییهاتنی سه‌ردانه‌كه‌ی به‌ڕێزیان بۆ توركیا وئه‌ڵمانیا و فه‌ره‌نسا
كۆنگره‌ی‮ ‬رۆژنامه‌وانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ره‌نسا