
Loading...
![]() | | | | كۆنگره‌ی رۆژنامه‌نووسیی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له باره‌گای یه‌كێتیی ئه‌وروپا | | | | |
دوێنێ سێ شه‌ممه (10/11/2009) و له چوارچێوه‌ی سه‌ردانه فه‌رمی و دیپلۆماتییه‌كه‌ی بۆ ئه‌وروپا، به‌ڕێز مسعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له باره‌گای سه‌ره‌كی یه‌كێتیی ئه‌وروپا له لایه‌ن به‌ڕێز خافیێر سۆلانای رێكخه‌ری باڵای سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتیی ئه‌وروپا پێشوازی لێكرا.
دواتر سه‌رۆك بارزانی له‌به‌رده‌م په‌رله‌مانی ئه‌وروپا وتارێكی پێش كێش كرد و له كۆتاییشدا به ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌كی زۆری میدیا و كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌نووسیی بۆ به‌ڕێزیان سازكرا، كه ئه‌مه ده‌قه‌كه‌یه‌تی:
له‌سه‌ره‌تادا سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان سه‌باره‌ت به په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێم و وڵاتی توركیا و پرۆسه‌ی كرانه‌وه‌ی توركیا بۆ چاره‌سه‌ركردنی دۆزی كورد له‌و وڵاته گوتی: ئه‌و گۆڕانه‌ی ئێستا له توركیا هه‌یه به شتێكی ئیجابی ده‌زانین، ئه‌وه‌ش ده‌زانین كه هێشتا نه‌گه‌یشتۆته ئه‌و ئاسته‌ی كه ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازیی ته‌واو ببێت و مه‌سه‌له‌كه چاره‌سه‌ر بكرێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌راوردی بكه‌ین له‌گه‌ڵ پێش ئێستا، ئه‌و فه‌رهه‌نگه‌ی كه ئه‌و هه‌موو ساڵه له توركیادا هه‌بووه هه‌ر وه‌ها ئه‌و ئۆپۆزسیۆنه به‌هێزه‌ی هێشتا هه‌یه به‌رامبه‌ر به‌و هه‌نگاوانه‌ی كه حكوومه‌تی توركیا هاویشتوویه‌تی، ئێمه پێمانوایه ده‌بێ هانی ئه‌و هه‌نگاوانه بده‌ین و هانیشیان بده‌ین ده‌ده‌ین بۆ ئه‌وه‌ی پرۆسه‌ی ئاشتی بگاته ئه‌نجام و ده‌بێ نه‌فه‌سێكی درێژ هه‌بێت، ده‌بێ به هه‌موو لایه‌ك هه‌وڵ بده‌ین ئه‌و پرۆسه‌یه سه‌ربكه‌وێ، ئێمه پێمان خۆش نییه پرۆسه‌ی سه‌ربازی به‌رده‌وام بێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر پرۆسه‌ی سیاسی و پرۆسه‌ی ئاشتی سه‌ركه‌وت واتا پرۆسه‌ی سه‌ربازی نامێنێت، ئه‌گه‌ر پرۆسه‌ی سه‌ربازیش سه‌ركه‌وت و به‌رده‌وام بوو واتا پرۆسه‌ی سیاسی نامێنێت بۆیه ئێمه پشتگیری له پرۆسه‌ی ئاشتی ده‌كه‌ین.
سه‌رۆك بارزانی له وه‌ڵامی پرسیارێك له‌باره‌ی پاڵپشتی سه‌ركردایه‌تی سیاسی كوردستانی عێراق بۆ پرۆسه‌ی ئاشتی له توركیا گوتی: ئێستا ئه‌و پرۆسه‌یه بۆ ئه‌وه‌یه كێشه‌كه چاره‌سه‌ر بكرێ، بۆیه هه‌رچییه‌ك كه پێویست بێت، ئێمه بتوانین یارمه‌تی هه‌موو لایه‌ك بده‌ین كه ئه‌م پرۆسه‌یه سه‌ربكه‌وێ، ئێمه به‌رده‌وام ده‌بین و چ له ئێمه داوا بكرێ ئێمه ئه‌وه ده‌كه‌ین، به‌ڵام به‌خۆمان چ ده‌كه‌ین؟ ئه‌وه به هه‌قیقه‌ت ئه‌وه بۆ هه‌ردوولا جێهێڵراوه، چ داوا له ئێمه بكرێ ئێمه ئه‌وه ده‌كه‌ین، به‌ڵام وه‌كو پره‌نسیپ ئێمه پشتگیریه‌كی به‌هێز له‌و پرۆسه‌یه‌ی ئاشتی ده‌كه‌ین، ئومێده‌وارین پرۆسه‌ی سیاسی له توركیا بگاته ئاستێكی وا كه ئیتر شه‌ڕه‌كه له‌ناو په‌رله‌مان بكرێ و پێویستی به چه‌ك و شه‌ڕ نه‌مێنێ. له‌باره‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی په‌كه‌كه‌ش، به‌ڕێز سه‌رۆكی هه‌رێم گوتی: هه‌ر هه‌نگاوێك ببێته مایه‌ی چه‌سپاندنی ئه‌م پرۆسه‌یه ئێمه لاگیری لێده‌كه‌ین، پێموایه ئه‌و گرووپه‌ی كه گه‌ڕانه‌وه و به‌و شێوه‌یه‌ی پێشوازیان لێكرا پێویست نه‌بوو، چونكه هێشتا پرۆسه‌كه ده‌ڵه‌مه‌یه و نه‌گه‌یشتۆته ئاستێكی وا كه خۆی بگرێ، له‌به‌ر ئه‌وه ئه‌وه‌ی نه‌ده‌هێنا، من پێموایه هه‌ڵه‌یه‌ك بوو به‌م شێوه‌یه له‌به‌رژه‌وه‌ندی كورد و له‌به‌رژه‌وه‌ندی پرۆسه‌ی ئاشتیشدا نه‌بوو، ئێمه ئه‌و تێبینییه‌مان هه‌بوو، به‌ڵام نابێ ئه‌وه ببێته هۆی ئه‌وه‌ی كه ئه‌م پرۆسه‌یه بوه‌ستێ، چۆن ده‌گه‌ڕێنه‌وه؟ ئێستا باس له‌وه‌یه چۆن بگه‌ڕێنه‌وه، ئه‌وه‌ی ئێمه ده‌یبینین، ئێستا ده‌وڵه‌تی توركیا چاره‌سه‌ری هۆیه‌كان ده‌كات، ئه‌و هۆیانه‌ی وایانكردووه ئه‌م گه‌نجانه چه‌ك هه‌ڵبگرن، كه ئه‌م هۆیانه چاره‌سه‌ركران، عه‌ینی ئه‌و گرووپانه ده‌گه‌ڕێنه‌وه و ئیتر پێویست به‌وه نامێنێ چه‌ك هه‌ڵبگرن، ورده‌كاریه‌كه‌ی بۆ خودی ده‌وڵه‌تی توركیا و ئه‌وان جێهێڵراوه، ئێمه ناچینه ناو ئه‌و ورده‌كاریانه‌وه.
سه‌باره‌ت به پرسیارێكیش ده‌رهه‌ق به‌و قسانه‌ی گوایه هه‌رێمی كوردستان ببێته به‌شێك له توركیا، سه‌رۆك بارزانی گوتی: من نازانم كێ ئه‌و قسانه‌ی كردووه، به‌ڵام ئه‌مه شتێكی واقعی نییه، ئێمه پێمان خۆشه په‌یوه‌ندی باشی سیاسی و ئابووریمان له‌گه‌ڵ توركیادا هه‌بێ و ئێستاش هه‌مانه، به‌ڵام بڕوا ناكه‌م هیچ به‌رپرسێك گوتبێتی كوردستان ده‌بێته به‌شێك له توركیا، ئه‌گه‌ر واشی گوتبێ ئه‌وه رای تایبه‌تی خۆیه‌تی.
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان سه‌باره‌ت به داهاتی عێراق و چۆنیه‌تی دابه‌شكردنی گوتی: ئێمه كۆكین له‌سه‌ر دابه‌شكردنی داهاتی وڵات كه زۆربه‌ی داهاته‌كه له نه‌وت و غازه‌و هیچی دیكه نییه، نه‌وت و غاز موڵكی هه‌موو میلله‌تی عێراق و داهاته‌كه‌شی بۆ هه‌موو خه‌ڵكی عێراقه به شێوه‌یه‌كی یه‌كسان، ئێمه له‌گه‌ڵ ئه‌و پره‌نسیپه‌داین.
سه‌باره‌ت به پرسیارێكیش له‌مه‌ڕ دابه‌شكردنی عێراق، سه‌رۆك بارزانی گوتی: ئێمه وه‌كو كورد نه داوامان كردووه و نه ده‌شبینه هۆكاری ئه‌و دابه‌شكردنه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر برایانی شیعه و سوننه بڕیاریاندا، ئه‌و كاته ده‌بێته به‌رپرسیارێتی ئه‌وان، ئێمه‌ش سه‌لماندمان كه ئێمه پابه‌ندی ئه‌وه‌ین و ئه‌مه‌ش مادده‌یه‌كی ده‌ستوورییه.
له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی گشتیی له عێراق و پرسی كه‌ركووك و هه‌ڵوێستی كورد، سه‌رۆكی هه‌رێم گوتی: هه‌موو حزبه‌كان پێش ئێستا له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته دانیشتووین، به‌هۆی ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن به لیستی كراوه ده‌بێت دابه‌زین به یه‌ك لیست زه‌حمه‌ته، به‌ڵام هه‌موو لایه‌ك په‌یمانمان داوه هه‌تا ئه‌گه‌ر له په‌رله‌مانی كوردستاندا بۆچوونی جیاواز هه‌بێ كه زۆر ئاساییه گفتوگۆ و شه‌ڕیش ده‌بێ، به‌ڵام له‌ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان و به تایبه‌تی له ناو په‌رله‌مانی فیدراڵ هه‌موویان یه‌كهه‌ڵوێست ده‌بن و هه‌موو لایه‌ك ئه‌و په‌یمانه‌ی داوه كه كورد یه‌كهه‌ڵوێست و یه‌ك ده‌نگ بن له په‌رله‌مانی به‌غدا.
سه‌باره‌ت به ئاسۆی په‌یوه‌ندی نێوان هه‌رێمی كوردستان و توركیاش، سه‌رۆك بارزانی له وه‌ڵامدا گوتی: ئێمه ئاسۆی په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ توركیا زۆر رووناك ده‌بینین و پێموایه شتی هاوبه‌شمان زۆره به تایبه‌تی له بواری ئابووری و بازرگانی، ئه‌و پرۆسه‌یه‌ی ئاشتیش كه ئێستا توركیا ده‌ستی داوه‌تێ یاریده‌ده‌رێكی زۆر گه‌وره ده‌بێت بۆ پێشڤه‌چوونی په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ توركیا، پێموایه ئه‌و ده‌رفه‌ت و ئاسۆیه‌ش له نێوان ئێمه و توركیا هه‌یه بۆ ئه‌و په‌یوه‌ندییانه له شوێنی دیكه نییه.
ده‌رباره‌ی پرسی یاسای نه‌وت و غازیش كه تا ئێستا یه‌كلایی نه‌بۆته‌وه، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان گوتی: ده‌ستووری عێراق ده‌ڵێ نه‌وت و غاز بۆ هه‌موو گه‌لی عێراقه و داهاتیش بۆ هه‌موو گه‌لی عێراقه و ئێمه هیچ ناكۆكییه‌كمان له‌وباره‌یه‌وه نییه، ئێستا تا سه‌رژمێری مه‌ركه‌زی ده‌كرێ رێككه‌وتن وایه تا ئه‌و ناوچانه‌ی دابڕاون نه‌یه‌نه‌وه سه‌ر هه‌رێمی كوردستان پشكی هه‌ریمی كوردستان (17% )ه. كه سه‌رژمێری مه‌ركه‌زی كرا قه‌باره‌ی هه‌ر لایه‌نێك دیارده‌كه‌ویت، ئیمه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ین پشكی كوردستان راسته‌وخۆ بچێته سه‌ر حیسابی هه‌رێمی كوردستان نه‌ك له رێگای وه‌زاره‌تی نه‌وتی به‌غدا و وه‌زاره‌تی دارایی به‌غدا، چونكه زۆر جار بودجه‌كه وه‌كو چه‌كێك دژی ئێمه به‌كار دێنن، ئێمه له‌سه‌ر ئه‌م خاڵه ده‌رباه‌ی یاسای دابه‌شكردنی داهات سوورین، ئه‌مه هه‌ڵوێستی ئێمه‌یه و مافی خۆشمانه، ئێمه دژی یاسای نه‌وت و غاز نین و سه‌لماندمان ئێمه پابه‌ندی ده‌قی ده‌ستوورین، ئێمه له حوزه‌یرانی رابردوو توانیمان رۆژانه (100) هه‌زار به‌رمیل له كێڵگه‌ی نه‌وتی زاخۆ به‌رهه‌م بهێنین و خستمانه سه‌ر بۆڕی مه‌ركه‌زیی كه له عێراقه‌وه ده‌چێ بۆ توركیا و داهاته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ هه‌موو نه‌وتی تری عێراق تێكه‌ڵ ده‌كرێ، سیاسه‌تی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق سیاسه‌تێكی فاشل بوو، وه‌زاره‌ت له ئیدراه‌كردنی بواری نه‌وتیدا شكستی خوارد، بۆیه ئێمه زۆر پابه‌ندی بڕیاره‌كانی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق نین، چونكه فاشل بوو و خزمه‌تی گه‌لی عێراقی نه‌كرد و (8) ملیار دۆلار له ماوه‌ی (3) ساڵی رابردوو بۆ وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق ته‌رخانكرا نه‌یانتوانی یه‌ك پاڵاوگه‌ش دروست بكه‌ن و به‌رهه‌می نه‌وتی عێراقیش دابه‌زی له جیاتی ئه‌وه‌ی به‌رز بێته‌وه، جا ئێمه چۆن پابه‌ندی بڕیاره‌كانی وه‌زاره‌تێكی وا فاشل بین؟!، ئێستا رۆژانه (100) هه‌زار به‌رمیل به‌رهه‌م ده‌هێنرێ، به‌ڵام به پێی قسه‌ی شاره‌زایانی كه‌رتی نه‌وت له كۆتایی (2011)دا له یه‌ك ملیۆن به‌رمیل تێده‌په‌ڕێ.
سه‌باره‌ت به پرسی كه‌ركووكیش كه " هۆكاری سه‌ره‌كی شه‌ڕه یه‌ك له دوای یه‌كه‌كانی گه‌لی كوردستان بووه له‌گه‌ڵ رژێمه یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی عێراق"، به‌ڕێز سه‌رۆك بارزانی گوتی: ئێمه ده‌مانه‌وێ ئه‌و گرفته بۆ نه‌وه‌كانی دیكه نه‌مێنێت و چاره‌سه‌ری بكه‌ین، ده‌ستووری عێراق (85%)ی گه‌لانی عێراق ده‌نگی بۆ داوه و رێگه‌چاره‌ی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كه‌ركووكی داناوه و ئێمه به‌و چاره‌سه‌ره رازین كه ئاساییكردنه‌وه و سه‌رژمێری و ریفراندۆمه، له‌مه زیاتر چی؟، خه‌ڵكی كه‌ركووك خۆی بڕیار له چاره‌نووسی خۆی ده‌دات نه ئێمه و ن حكوومه‌تی فیدراڵ و نه هیچی دیكه، خه‌ڵكی كه‌ركووك خۆی بڕیار ده‌دات، جا با ئه‌و ده‌رفه‌ته به‌وان بدرێ، به‌و شێوه‌یه ئه‌و (بۆمبه ته‌وقیتكراوه) هه‌ڵده‌وه‌شێنرێته‌وه و هیچ كاریگه‌ریشی نامێنێت، ئه‌گه‌ر نا بێگومان (بۆمبی ته‌وقیتكراوه) له‌وانه‌یه كاریگه‌ری خراپی هه‌بێت، ئێمه ده‌مانه‌وێ ئه‌و مه‌ترسییه نه‌هێڵینه‌وه، به‌داخه‌وه هێشتا تیرۆر كارایه و بنه‌بڕ نه‌بووه و مه‌ترسیی ئه‌وه‌مان هه‌یه تا له هه‌ڵبژاردن نزیكتر ببین تیرۆر زیاتر ببێت.
|