سەرۆك بارزانی بۆ TRT6: هەر كاتێك ئامادەكاریەكانی كۆنگرەی نەتەوەیی بەكۆتا هاتن ، كۆنگرە دەست بە كارەكانی خۆی دەكا و دەبەسترێ


KRP.org | |


17/11/2013
ئامانج لەو سەردانە پشتگیرییكردنە لە پرۆسەی ئاشتی و قۆناغەكانی
سەرۆكی كوردستان لە بەرنامەیەكی تەلەڤزیۆنی دا لە ئامەد ئاشكرایكرد بەهۆی تەواو نەبوونی ئامادەكارییەكان كۆنگرەی نەتەوەیی كورد دواخراوە و هەر كاتێك ئامادەكاریەكانی كۆنگرەی نەتەوەیی بەكۆتا هاتن ، كۆنگرە دەست بە كارەكانی خۆی دەكا و دەبەسترێ.

بەرێز مسعود بارزانی‌ سەرۆكی‌ كوردستان، لە بەرنامەیەكی تایبەتی تەلەڤزیۆنی TRT6 كە لە شوێنی حەوانەی لە هوتێكی گرین پارك لەدیاربەكر سازكرابوو، ئاشكرایكرد یەكەمجارە بە ناو شاری دیاربەكردا دەگەڕێ و خۆشحاڵی بۆ سەردانەكەی دەربڕی و گوتی: "من سەردانی دیاربەكرم كردووە، بەڵام یەكەمجارە بەو شێوەیە لە نێو شاردا بگەڕێم و سەردانی شوێنە مێژووییەكانی ئەو شارە بكەم. ئامانج لەو سەردانە پشتگیرییكردنە لە پرۆسەی ئاشتی و قۆناغەكانی."

لە بارەی سەردانی هونەرمەند شڤان پەروەر بۆ توركیا گوتی: "ئەگەر شڤان پەروەر پێش ٢٠ ساڵ سەردانی ئامەدی كردبایا ئەوا لە سێدارە دەدرا، بەڵام ئەمڕۆ بارودۆخەكە گۆڕانی بەسەردا هاتووە و بە ئازادانە گەڕاوەتەوە ئامەد.

سەرۆكی كوردستان لە بارەی لێدوانی بەرپرسانی بەدەپەوە كە بۆ چی لە نەورۆز سەردانی دیاربەكری نەكردووە؟ گوتی: "من زۆر پێمخۆش بوو نەورۆز سەردانی دیاربەكر بكەم، بەڵام ئەو كات بارودۆخ جیاوازبوو و ئەمڕۆیش بارودۆخ جیاوازە، ئینشائەڵڵا داهاتوو من بەشداریی لە نەورۆزی دیاربەكر دەكەم، لەگەڵ كاربەدەستانی بەدەپە دیدار ئەنجام دەدەم و گوێ بۆ بۆچوونەكانی ئەوانیش دەگرم. ئێمە بە هەر شێوەیەكبێ ئامادەین پشتگیری قۆناغی چارەسەری بكەین."

لە بارەی بەكارهێنانی ناوی كوردستان لە لایەن سەرۆك وەزیرانی توركیا، سەرۆك بارزانی گوتی: من زۆرم پێخۆشبوو كە سەرۆك وەزیر رەجەب تەیب ئەردۆغان وشەی كوردستانی بەكارهێنا چونكە ئەمە ناوێكە لە ناو دەستووری عیراقی فیدراڵدا بەرەسمی دانی پێیدانراوە.

سەرۆكی كوردستان لە بارەی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی توركیا گوتی: بەشی سەرەكەی ناوەڕۆكی ئەو كۆبوونەوەیە گفتوگۆ كردن بوو لە بارەی قۆناغی چارەسەری و پرۆسەی ئاشتی، هەروەها پرسی سوریا و پەیوەندیی نێوان بەغداو ئەنقەرە.

لەبارەی كۆنگرەی نەتەوەیی كورد و ئامادەكاریەكانی و بەتایبەت چەند جار دواخستنی وادەی بەستنی كۆنگرەیەكە سەرۆكی كوردساتان گوتی: ئامانجی كۆنگرەی نەتەوەیی ئەوەیە كورد ببێتە خاوەنی یەك گوتاری سیاسی، كە ئاشتی و برایەتی و پێكەوەژیانە و پشتگیریكردنی ئاشتیە. لێژنەی ئامادەكاری كۆنگرە لە ئامادەكاریەكانی بەردەوامە، دواخستنی بەستنی كۆنگرە لەبەر بەكۆتانەهاتنی ئامادەكاریەكان بووە و هەڵەكەش لەوەدا بوو كە بەر لە بەكۆتاهاتنی ئامادەكاریەكان كاتی بەستنی دیاریكرا. هەر كاتێك ئامادەكاریەكان بەكۆتا هاتن ئەوا كۆنگرەكە دەست بە كارەكانی خۆی دەكا و دەبەسترێ.

لەبارەی رەوشی سوریا و هەڵویستی لایەنە كوردیەكان لە سوریا بەڕبَز مەسعود بارزانی سەرۆكی كوردستان گوتی: ئێمە هەموومان دەزانین گەلی كورد لە سوریا لە مافی ناسنامە بێبەشكرابوو، كاتێك بەهاری عەرەبی دەستپێكرد، من داوام لە لایەنە كوردیەكان كرد بەیەكەوە بن و هەر بڕیارێك بدەن ئێمە پشتگیریان دەكەین تەنیا بەمەرجێك بەیەكەوەبن و لەیەكتر جیانەبنەوە، بەڵام بەداخەوە پارتەك بەتەنیا بڕیار دەدات و ئەوانی دیكە دوورخراونەتەوە، بۆیە ئێمە ناتوانین بەو شێوەیە پشتگیریان بكەین.

هەروەها گوتی: "رۆژی ١١ی تەموزی ساڵی ٢٠١٢ هەموو لایەنە كوردیەكانی سوریا لە هەولێر كۆبوونەوە و رێكەوتنێكیان ئیمزاكرد، بەڵام بەداخەوە كار بەو رێكەوتنە نەكرا، ئێستا كورد لەوێ بۆتە دوو بەش و پارتەك بەتەنیا بڕیار دەدات. سەرەڕای ئەو هەموو شتانەش ئێمە لە هەوڵەكانمان بەردەوام دەبین بۆئەوەی ئەوان یەكریز بن. ئێستا تەنیا پارتەكی دیاریكراو بەرێوەبەرایەتیەكی راگەیاندوە و پارتەكانی دیكەی تێدا نییە. بۆیە ئێمە پشتگیریان لێناكەین، چونكە دەبێ هەموو لایەنەكان بەیەكەوە بڕیار بدەن، ئەمە بێجگە لەوەی ئەو ئیدارەیە پشتگیری نێودەوڵەتیشی نییە. گەر رژێمی سوریا لەوشەڕەدا سەركەوێ ئەو ئیدارەیە قەبوڵ ناكا و گەر ئۆپۆزسیۆنیش سەركەوێ بەهەمان شێوە قەبوڵی ناكا. بۆیە من نابینم ئەو كارە سەركەوتووبێ و لەكۆتایی بەزیانی گەلی كورد لە سوریا تەواو دەبێ.





SOURCE:: KRP PAGE HIT:: 1511