بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
چەند ڕۆژێکە هەڵمەتی بانگەشەی قەوارە سیاسییەکان بۆ هەڵبژاردنی 21ی ئەیلوولی ٢٠١٣ دەستی پێکردووە. بەو بۆنەیەوە بە پێویستی دەزانم جارێکی تر داوا لە هەموو قەوارە سیاسییەکان بکەم لە بانگەشەکردنیاندا ڕەچاوی ئاساییش و ئارامیی ژیانی هاووڵاتیان بکەن و پابەندی ڕێنماییەکانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان و سەرجەم یاسا و ڕێنماییەکانی دەزگە ئەمنییەکانی وڵات بن.
داواکارم لە سەرجەم لایەنە سیاسییەکان ئامۆژگاریی ئەندام و لایەنگرانییان بکەن کە ڕێز لە ئەندام و هەوادارانی لایەنەکانی دیکە بگرن و بە هیچ شێوەیەک بێڕێزی بەرامبەر یەکتری نەکەن. ئەرکی سەرشانی هەموو لایەنەکانە نموونەیەکی جوانی ململانێی مەدەنی پێشان بدەن.
هەروەها داوا لە دەزگە ئەمنییەکان و لایەنە پەیوەنددارەکان دەکەم بەچاوکراوەییەوە بەردەوام بن لە چەسپاندنی یاسا و دابینکردنی ئاساییش و ئاسوودەیی بۆ خەڵک و کۆبوونەوە جەماوەرییەکانی قەوارە سیاسییەکان، ئەگەر هەرلایەکیش سەرپێچیی لە یاسا و ڕێنماییەکان کرد و دەستدرێژی کردە سەر ئارامیی ژیانی هاووڵاتیان و ئازادیی کاری سیاسیی لایەنەکان، ئیجرائاتی یاسایی بکەن.
مسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان 4/9/2013
|