پەیامی سەرۆكی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی سی و دووهەمین خولی دەرچووانی زانكۆی سەڵاحەدین


KRP.org | |


05/07/2013
ئێوارەی ڕۆژی پێنج شەممە ٤/٧/٢٠١٣ مەراسیمی دەرچوونی سی و دووهەمین خولی دەرچووانی زانكۆی سەڵاحەدین بەڕێوە چوو، بەو بۆنەیەوە بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی ئاراستەی مامۆستایان و قوتابییانی دەرچووی ئەمساڵی زانکۆی سەلاحەدین کرد و پەیامەکەشیان لەلایەن بەڕێز نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر خوێندرایەوە.

ئەمە دەقی پەیامەکەیە:



بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

مامۆستا بەڕێزەكان

قوتابیانی خۆشەویست

میوان و ئامادەبووانی بەڕێز

خوشك و برا بەڕێزەكانم

جێگەی خۆشحاڵی و سەرفیرازییە كە زانكۆی سەلاحەدین پۆلێكی دیكەی قوتابی پێگەیاندووە و ئەمڕۆ لە كەشێكی ئازاد و سەقامگیردا ئاهەنگی سی و دووهەمین خولی دەرچوونی قوتابییە ئازیزەكانی زانكۆی سەلاحەدین بەڕێوە دەچێت. بەم بۆنەیەوە گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی قوتابیانی دەرچووی ئەم خولە دەكەم و هیوای سەركەوتنیان بۆ دەخوازم. بە پێویستی دەزانم دەستخۆشی لە گشت مامۆستا بەڕێزەكانی زانكۆی سەلاحەدین بكەم كە لە هەموو بارودۆخێكدا ماندوونەناسانە نەیانهێشتووە پڕۆسەی خوێندن پەك بخرێت و شوێن پەنجەیان لە پێشكەوتنی كۆمەڵگەی كوردستانی دیار و بەرچاوە.

مامۆستا و قوتابیانی خۆشەویست

خۆشبەختانە ئێستا ژمارەیەكی زۆری زانكۆ و پەیمانگە و ناوەندی خوێندنی ئاكادیمی لە كوردستاندا هەن و ساڵانە ژمارەیەكی زۆری قوتابی و پسپۆڕ بۆ خزمەتكردنی وڵات پێدەگات. ئەو بایەخەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە زانكۆ و مامۆستا و قوتابی دەدات جێگەی پێزانینە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە هەموو لایەك بە هەموو توانایەكەوە هەوڵ بدەن كە ناوەڕۆكی وانە و لێكۆڵینەوە و مەنهەجەكانی خوێندن سەردەمیانەتر بێت و لەگەڵ ڕۆحی پێشكەوتنی خێرای زانستیی بگونجێت و بنەماكانی ئازادیی هزر و ئەندێشە لە توێژینەوە زانستی و ئاكادیمییەكاندا بچەسپێت. پێویستە پەیوەندیی نێوان زانكۆ و كەرتەكانی دیكەی كۆمەڵگە فراوانتر ببێت و ئەو زانستەی لە زانكۆ فێری قوتابیان دەكرێت لەسەر ژیانی كۆمەڵگەش ڕەنگ بداتەوە و ببێتە هۆی گەشەسەندنی پیشەسازی و كشتوكاڵ و پزیشكی و پەروەردە و، پێشڤەچوونی هەموو ئەو بوارانەی پەیوەستن بە ژیانی مرۆڤ و خۆشگوزەرانی كۆمەڵگە و پاراستنی وڵات.

بەڕێزان:

پەروەردەكردنی كادری زانستی و پسپۆڕ ئەركێكی قورس و هەستیارە، چونكە جگە لەوەی پێویستە لەبواری زانستیدا شارەزا و پسپۆڕ بێت دەبێ بەشێوەیەكیش پێبگەیێندرێت كە لە بەرانبەر كێشە و كەموكورتییەكانی كۆمەڵگەشدا خۆی بە بەرپرسیار بزانێت. بۆ ئەم مەبەستە دەبێ لە زانكۆكانمان قوتابییەك پێبگات كە بڕوای بەخۆ بێت و وڵاتی خۆی خۆش بوێت و شانازی بە دەستكەوت و تواناكانی وڵاتەكەی بكات. دەبێ قوتابیی كوردستانی بە پەروەردەی نەتەوەیی و ئاشتیخوازی و پێكەوەژیان گۆش بكرێت و ئەو بڕوایەی لا دروست بێت كە وڵاتەكەی هیچی لە وڵاتە پێشكەوتووەكان كەمتر نییە و ئامانجی مەزنی پێشكەوتنی وڵاتەكەی و خزمەتكردنی خەڵك بێت. لە بەرانبەریشدا پێویستە هەموو جۆرە ئاسانكاری و كەرستەی خوێندنێكی باش و هاوشان لەگەڵ ستانداردە جیهانییەكان بۆ قوتابیانی ئازیز دابین بكرێت و لە پلانە ستراتیژییەكانیشدا چ لە كەرتی حكوومی و چ لە كەرتی تایبەتدا بوار بۆ كاركردن و سوودوەرگرتن لە پسپۆڕیی قوتابییە دەرچووەكان پێشبینی بكرێت. دواڕۆژی ئەم وڵاتە لە دەستی قوتابیاندایە و ئەو وڵاتە ئاییندەیەكی گەش چاوەڕوانیەتی كە زانكۆكانی دەوڵەمەند و بەهێز بن و قوتابی هۆشیار و زیرەك و بەرپرسیار پەروەردە بكات.

ئامادەبووانی بەڕێز:

گشت لایەك دڵنیا دەكەمەوە كە دواڕۆژی كوردستان زۆر ڕووناكە. لە سایەی خەبات و كۆڵنەدانی گەلی كوردستان و قوربانیدان و خوێنی شەهیدان كوردستان بەرەو پێشەوە هەنگاو دەنێ و هۆشیاریی كۆمەڵانی خەڵك لە ئاستێكی باشدایە و زیاتر لە هەر كاتێك خەڵكی كوردستان ئومێدی بە ئاییندەیە و حەزی لە پێشكەوتنە. ئێستاكە دنیای دەرەوە بەچاوی ڕێز سەیری وڵاتەكەمان دەكەن. كاتی ئەوە هاتووە هەموومان سەرباری بوونی جیاوازیی بیروڕا، كە خۆی لە خۆیدا یەكێكە لە دەستكەوتە گرانبەهاكانی گەلەكەمان، دەست لەناو دەستی یەكتر بنێین و هەموومان بیر لە پێشكەوتن و ئاوەدانكردنەوەی كوردستان بكەینەوە. پێویستە هەموومان بڕوامان بەخۆمان بێت و چارەنووس و دواڕۆژی خۆمان بە دەستی خۆمان بنەخشێنین. دەبێ ئەو بڕوایەمان بەهێز بكەین كە دەتوانین هەموو ئاواتەكانمان بهێنینە دی.

دووبارە لە دڵەوە خۆشحاڵم بە دەرچوونتان. پیرۆزباییتان لێ دەكەم و هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازم. هەر بمێنن بۆ كوردستان.

مسعود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
04.07.2013






SOURCE:: KRP PAGE HIT:: 1942